سودانی: ئێمە سورین پشكی ئاومان لە توركیاو ئێرانەوە پێبگات

سودانی: ئێمە سورین پشكی ئاومان لە توركیاو ئێرانەوە پێبگات

پەیامی کورد... سودانی: ئێمە سورین پشكی ئاومان لە توركیاو ئێرانەوە پێبگات

بەئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دوەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ هاریكاری و هاوبەشیی لە ناوچەی دەریای مردو لە ئوردن دەستپێكرد.
لەو كۆنگرەیەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق وتارێكی پێشكەشكردو لەبەشێكیدا تیشكی خستەسەر قەیرانی ئاو لە عیراق و پیسبونی ژینگە.
سودانی رایگەیاند: عیراق روبەڕوی هەڕەشەی وشكبونی ئاو بۆتەوە، ئێمە سورین لەگەڵ هەردوو دراوسێ لە كۆماری توركیاو كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زامنكردنی ئاسایشی ئاو و گەیشتن بە باشترین بەڕێوەبردنی هاوبەش لەو سەرچاوە ئاویانەی بە سنورەكانماندا تێدەپەڕن بۆ گەیشتنی پشكی ئاو بەپێی رێككەوتن و یاسا نێودەوڵەتیەكان تا ئاسایش و هاوسەنگی بێنێتە ئاراوە، ئێمە دەستمانكردوە بە هەنگاونان بۆ پەرەپێدان و بەكارهێنانی سیستمی ئاودێری هاوچەرخ بۆ رێگریكردن لە بەهەدەردانی ئاو و گلدانەوەی بۆ كشتوكاڵ.
لەبارەی پیسبونی ژینگەشەوە سودانی وتی: ئێمە پیسبونی ژینگە لە هەواو ئاو و خاكدا دەبینین لەگرنگترین ئەو مەترسیانەن كە روبەڕوی گەلەكەمان بۆتەوە بەتایبەتی لەناوچەكانی باشور، لەوبارەیەوە بەجدی كارمانكردوە بۆ چارەسەركردنی سوتانی غازی دەرهێنراو لە كێڵەگەكان، بۆیە داوا لەكۆمپانیا جیهانییەكانی بواری وەبەرهێنان دەكەین وەبەرهێنان بكەن لەو بوارەدا لەپێناو گۆڕانكاری و بەكارهێنانی ئەو سەرچاوە گرنگەی وزە بۆ وەبەرهێنان لە وزەی كارەبادا بۆئەوەی هەوڵی دابینكردنی ناوخۆیی بدەین و لە بەكارهێنانی غازەوە بۆ وەبەرهێنان لە كارەبادا كە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی غازە گەرمەكان و قەتیسبونی گەرمی هەیە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە