دەمیرتاش هەندێک لە بەرنامەکانی بۆ هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات

دەمیرتاش هەندێک لە بەرنامەکانی بۆ هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات

سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدی هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی فاتیح پۆرتاکاڵ پێشکەشکاری تەلەفیزیۆنی فۆکس دایەوە کە لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ئاراستەی کاندیدانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیای کردبوو. سەلاحەدین دەمیرتاش بە فاتیح پۆرتاکاڵی ڕایگەیاند "من بە دڵ حەزم دەکرد ئەم بابەتانە ڕووبەڕوو لەگەڵ تۆدا باس بکەم. بەڵام بۆ ئێستا دەمەوێت بە کورتی بیروبۆچوون و کارنامەکەی خۆمتان بۆ ڕوون بکەمەوە".

 

پێشتر فاتیح پۆرتاکاڵ لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە چەند پرسیارێکی ئاراستەی کاندیدانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کرد و ڕایگەیاند “دەمەوێت چۆنێتی چارەسەرکردنی سێ پرسی سەرەکی لە کاندیدەکان ببیستم:

  • چۆن دەبنە جێگەی ئومێدی داهاتووی گەنجەکان؟
  • چۆن ژنانی ئەم کۆمەڵگایە لەگەڵ پیاوان هاوتا دەکەنەوە؟
  • چۆن دەتوانن خانەنشینان لە دوای خانەنشینبوونیان زیاتر دڵخۆش بکەن؟

درووستکردنی ڕستەی جوان و ڕازاوە ئاسانە، بەڵام ئایا وەڵامی جدیتان بۆ ئەم پرسیارانە هەیە"؟"

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی فاتیح پۆرتەکاڵی دایەوە: "گەیشتنی پرسیارەکانتان بە دەستی من کەمێک کاتی ویست، هەلومەرجەکە ڕوونە. سەرەتا بۆ پرسیاری یەکەمت دەربارەی گەنجان دەمەوێت بڵێم لە ئێستادا گەورەترین کێشە لەبەردەم گەنجاندا ئەو هەژارییەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا قوڵتر بۆتەوە. ئەگەر کێشەی هەژاری و نایەکسانی لە ڕەخساندنی هەلدا لەناو ببرێت، ئەو کات توانای گەنجان دەردەکەوێت و وڵات پێشدەکەوێت".

"لە هەر پێنج گەنجی وڵاتەکەمان یەکێکیان بێکارە. تەنها بە کەمکردنەوەی خەرجییە زیادەکان و کەمکردنەوەی ئەو ئوتومبێلە گرانبەهایانەی بۆ کاربەدەستانی حکومەت دەکڕدرێن و کەمکردنەوەی خەرجییە زیادەکانی کاربەدەستانی حکومەت دەتوانرێت هەلی باشتر بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت و دەتوانرێت ئەو پارەیە بۆ گەنجان تەرخان بکرێت".

"ئێمە بە پرۆژەی کارت بۆ گەنجان پشتیوانی بۆ ژیانی ڕۆژانەی گەنجان دەستەبەر دەکەین. لە ڕێگای کارتی گەنجانەوە مانگانە ٥٠٠ لیرە دەخرێتە سەر هەژماری هەموو گەنجان کە دەتوانن لە خواردن و هۆکارەکانی گواستنەوە و چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان و کاری دیکەدا بەکاری بهێنن".

سەلاحەدین دەمیرتاش دەربارەی ژنان ڕایگەیاند "تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ڕێژەی منداڵبوونی تێدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا کەمترین سەنتەری چادێری تێدایە. لەبەر ئەم هۆکارە لە یەکەم هەنگاودا ژمارەی سەنتەرەکانی چاودێری منداڵ و سەنتەرەکانی خوێندن زیاتر دەکەین. بەم شێوەیەش یەکێک لە ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان لە بەشداریکردن لە چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لادەبەین".

دەمیرتاش لەبارەی خانەنشینان دەڵێت "زیاتر لە یەک ملیۆن بەساڵاچوو هەیە کە هیچ مووچەیەکی خانەنشینیان نییە، ئێمە مانگانە بڕی هەزار لیرەیان بۆ دابین دەکەین. کەمترین ئاستی مووچەی خانەنشینان دەکەین بە سێ هەزار لیرە. ئێمە دڵنیایی و سەرمووچەی خانەنشینان دەچەسپێنین. بەم شێوەیە خەڵکی لە کاتی نزیکبوونەوەی وادەی خانەنشینیان بەهانە نادۆزنەوە. ئەمەش دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ زیاد کردنی هەڵی کار بۆ گەنجان".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە