پەیامی کورد … تەندروستی گەرمیان: داوای قەدەغەی هاتوچۆمان كردووە
سیروان محەممەد بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان دەڵێت، دۆخی ناوچەكە لە رووی تووشبوون بە كۆرۆنا باش نییە و داوای قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەییمان كردووە، بەڵام پەسندیان نەكردووە.
سیروان محەممەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردووە، توشبوون و مردن بە كۆرۆنا بەرزە و رۆژانە 16٪ی ئەو كەسانەی پشكنین دەكەن توشبوون و هەندێك رۆژیش رێژەكە بۆ 20٪ و 25٪ بەرزدەبێتەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرزی كۆرۆناوە داوایان كردوە قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەیی لە كاژێر 8ی شەو بۆ 6ی بەیانی رابگەیەندرێت، بەڵام پەسند نەكراوە.
باسی لەوەش كردووە، بەداخەوە خەڵكێكی زۆر سەردانی بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسین ناكەن، 10 بنكەمان كردوەتەوە بەڵام كەمترین خەڵك سەردانیان كردووە، چەندین هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەشمان راگەیاندووە بۆ ئەوەی هانی خەڵك بدرێت.
بەپێی دوایین ئامارەكان، رۆژانە لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 100 توشبووی كۆرۆنا تۆمار دەكرێن و لانیكەم یەك كەسیش بەو پەتایە گیان لەدەست دەدات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە