تائێستا نزیکەی ١٠٠٠ کۆچبەری کورد لە بێلاڕووسیدا ماونەتەوە

تائێستا نزیکەی ١٠٠٠ کۆچبەری کورد لە بێلاڕووسیدا ماونەتەوە

پەیامی کورد... تائێستا نزیکەی ١٠٠٠ کۆچبەری کورد لە بێلاڕووسیدا ماونەتەوە

سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت بەپێی دوایین ئامار هەتا ئێستا نزیکەی ٧٠٠ کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا لە جەنگەڵەکانن و نزیکەی ٢٥٠ کۆچبەریش لە پایتەختی بێلاڕووس لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندان.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕای گەیاند" لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرچاو لە سنووری بێلاڕووس گیریان خواردووە، هەتا ئێستا بە پێی دواین ئامار نزیکەی ٧٠٠ کەسمان هەیە کە لەو جەنگەڵانە و سنوورەکان گیرییان خواردووە، (چوارشەممە) نزیکەی ٣٠ کەس بەرەو فڕۆکەخانە و بەرەو ناوشار و مینسک گەڕانەوە، ئامانجی ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەیە هەرچۆنێک بێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەورووپا کە ئەمە زۆر زەحمەتە، هەرچۆنێک بێت لە لایەن پۆڵەندا و لیتوانیا و ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ بێلاڕووس ڕێگەیان پێ نادرێت سنوور ببەزێنن بۆ وڵاتانی ئەورووپا."

سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ دەنگی ئەمریکا گوتیشی" لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوو نزیکەی ٩ هەزار هاووڵاتی عێراقی و هەرێم ڕووییان لە بێلاڕووس کردووە، ڕێژەیەکی دەرچووە بۆ وڵاتانی ئەورووپا ڕێژەیەکی کەمە، ئەوەشی کە ماوەتەوە زۆربەیان خوازیارن بگەڕێنەوە بەڵام ئەو بڕە ماددەیەی کە خەرجیان کردووە پێویست دەکات لە لایەنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگای کۆچی نێودەوڵەتی قەرەبوو بکرێنەوە هەتا بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگا ببنەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد: وەکوو دەزگای لووتکەش هەر لە سەرەتاوە لە ئەنجامی داواکاری و ناڕەزایی ئەو کۆچبەرانەی سەر سنوور ئێمە لە ڕێگای یاداشتێکەوە بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوامان لە حکومەت کردووە کە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە بکرێن تا بگەڕێنەوە لە هەمان کاتدا هاوکاری داراییش بکرێن، چونکە لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئێمە کردوومانە ئەوانە بڕە پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە. "

ئاری جەلال وتیشی"ئەوەندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە وڵاتانی ئەورووپا ڕۆژ بە ڕۆژ لە پاشەکشەدان لە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە، چونکە ئەوان وای دەبینن ئەو کۆچبەرانە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە کۆچیان کردووە، نەک کەیسێکی واقیعی کە مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانیان."

ئاری جەلال ئەوەشی وت" جگە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی کە لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسی لەو کۆچبەرانە گەڕاندووەتەوە ئەگەرنا تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی تر نەکراون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە