پەیامی کورد … دوای هێرشێکی ئیسڕائیل ئاگرێک لە بەندەری لازقییە دەکەوێتەوە
دەزگای هەواڵی سوریا ئاماژەی بەوەدا دوای هێرشێکی موشەکی ئیسڕائیل ئاگرێک لە کۆنتێنەرێکی بەندەری لازقییە کەوتۆتەوە.
هێرشەکە کە دووەمین هێرشە لە مانگی دوانزەدا بووە هۆی زیان گەیاندن بە ڕووکاری نەخۆشخانەیەک و هەندێک لە باڵاخانەکانی نیشتەجێبوون و دوکانەکان.
وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوژمنکارییەکەی ئیسڕائیل زیانی مادیی گەورەی لێکەوتۆتەوە و هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ دەرەنجامەکانی دەکرێت."
جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی لە سوریا ئەنجامداوە، وەکو خۆی دەڵێت هێرشە موشەکیەکانی دژی ئامانجە ئێرانییەکانن لە سوریا، لەکاتێکدا حیزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی ئێران لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراون.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە کەناڵی سوریا بڵاویکردۆتەوە دەریدەخات دوکەڵ و ئاگر لە ناوچەی کۆنتێنەرەکان بەرز دەبێتەوە.
پەیامنێری کەناڵەکە وتی " تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵ دەدەن ئاگرەکە بکوژێننەوە و تیمەکانی فریاکەوتنیش گەیشتوونەتە شوێنەکە."
بەندەری لازقییە کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەند سەرەکیترین بەندەری بازرگانی سوریایە.
ڕوسیا کە گەورەترین هاوپەیمانی ئەسەد بووە لە جەنگی ناوخۆی سوریادا، لە بنکەی ئاسمانی حمیمیمەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات کە 20 کیلۆمەتر لە لازقییەوە دوورە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە