بارانبارین لەهەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

بارانبارین لەهەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

پەیامی کورد... بارانبارین لەهەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

بەپێى پێشبینییە کەشناسییەکان، ئەمڕۆ بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و ١٥ تاوەکو ٣٠ ملیم باراندەبارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند، سبەی لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، سبەی ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە درێژایی کاتەکان ھەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارانی ڕێژە مامناوەند و پچڕپچڕ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین و سەنتەری پارێزگای دھۆک، ھەولێر، سلێمانی و ھەڵەبجە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت و بارانەکە بەشێوەی بەردەوام دەبێت، ھەندێک کاتیش بارانەکە دەوەستێت، لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و سنوری ئیدارەی گەرمیان کاریگەریی بارانەکە لاواز دەبێت، ھەندێک کاتیش ئەگەری نمەبارانی پچڕپچڕ و ھەندێك ناوچەش بارانی مامناوەند دەبێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسی باسی لەوەش كردووە، پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، دوو تا سێ پلە نزم دەبێتەوە، خێرایی با زۆربەی كاتەكان چالاك دەبێت و لەنێوان 15 بۆ 30 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دەبێت.

ئاراس جەبار ڕوونیشی كردووەتەوە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و ھەولێر لە سبەی ئێوارەوە کۆتایی دێت، لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و بە گشتی ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی كوردستان، تا کاتەکانی شەو درێژەی دەبێت.

پێشبینیشی كردووە، ڕێژەی بارانی پێشبینیكراو لە ناوچە شاخاوییەكاندا، 15 تا 30 میللیمەتر بێت، لە سەنتەری پارێزگاكان و ناوچە نزمەكانیش، سێ تا 15 میللیمەتر بێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە