چاكسازی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان پێك دەهێندرێنەوە

چاكسازی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان پێك دەهێندرێنەوە

پەیامی کورد     ...    وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار هەنگاوێکی گەورەی لە بواری چاکسازی لە دامەزراوەکانی ئەنجام دەدات و لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، جارێكی دیكە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان پێك دەهێندرێنەوە.

دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی كرد، بۆ ئەم مەبەستەیش پڕۆژەیەکی ئامادە کردبوو، دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە پەیڕەوێکی نوێ پێك دەهێندرێنەوە و بە گوێرەی پلەی شارەوانییەكانیش ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دیاری دەكرێن.

بەگوێرەی پەیڕەوە نوێیەكەی پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لەسەر بنەمای پلەی شارەوانییەكان دیاری دەكرێن.

هەر بەپێی ئەم پەیڕەوە نوێیە، رێژەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكان ٧٥%ی لە سەرۆکی فەرمانگە حکوومییەکانی شار و شارۆچکەكان پێك دێن و ٢٥%یشی لە نوێنەری رێكخراوە ناحکوومییەکان و سەندیكا و رێكخراوە پیشەییە تایبەتمەندەكان دەبن، بۆ ئەم مەبەستەیش، وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار، لیستێکی بە ناوی ئەو فەرمانگە حکوومییانە ئامادە کردووە کە دەبێت لە ئەنجوومەنی شارەوانیی نوێدا هەبێت.

هاوبەشیکردنی سەرۆکی فەرمانگە حکوومییەکان لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، دەبێتە هۆکارێک بۆ هەماهەنگیی زیاتری نێوان فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان لەنێوان ئەو فەرمانگانە و شارەوانیدا.

ڕێژەی ٢٥% بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ بایەخدان بە پێگەی ڕێکخراو و سەندیکاکان، بۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە پرۆسەی بڕیاردان لەناو شارەوانییەکاندا زیاد بکرێت.

ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، لە ساڵی ٢٠٠٠-٢٠٠١ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراون كە نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەو ئەنجوومەنانە بەبێ گۆڕانكاری كار دەكەن، بۆیە بەپێوست زانرا کە هەنگاوی چاکسازی و گۆڕانکاری لەو ئەنجوومەنانەش بكرێت کە ئەوان بەپێی یاسا پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی ناو شارەکان هەیە، ئەم بڕیارەیش لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی خەڵكە لە سنووری شارەوانییەكان.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە و تێیدا زانیاریی تەواو لەسەر شارەوانییەکان دەنێرێ کە ژمارەیان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان "١٥٧ " شارەوانییە، بەپێی " ماددەی دووەم " لە پەیڕەوی ژمارە " ٢ "ی ساڵی ٢٠١٩ی پەیڕەوی پێکهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کە دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە ئەنجام بدرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە نووسراوە فەرمییەکەی کە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە، داوا دەکات ئاگاداری بدرێتە پارێزگار و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ، بۆ ئامادەسازی پێکهێنانەوە و دەستبەکاربوونی لەنوێی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، وەک لە نووسراوەکە ڕوون کراوەتەوە کە دەبێ ئه‌م ڕێكارانه‌ له‌ مانگی (ئاداری ٢٠٢٠) بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە