پەیامی کورد ... ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز دەگوازرێنەوە و ڕەوشی ئاو ئاسایی دەبێتەوە
بە ھۆی كاركردن و گواستنەوەوە، بۆری ٣ی ئیفراز شكاوە و بڕیارە ئەمڕۆ ھەرسێ ھێڵی ئاوی ئیفراز بگوازرێنەوە، بەڕێوبەری ئاوی ھەولێریش دەڵێ: "پێشبینی دەكەین سبەی ھێڵەكان بگوازرێنەوە و رەوشی ئاو لە ھەولێر ئاسایی ببێتەوە".
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، رایگەیاند: "بە ھۆی درووستكردنی ئۆتۆبانی ھەولێر- دھۆك، بڕیار بوو ھەرسێ بۆریی ئاوی ئیفراز بگوازرێنەوە، بەڵام لە كاتی كاركردن بۆ گواستنەوەیان، بۆریی ئیفراز سێ شكاوە و ئەم بەیانییەش دوو تیم كەوتوونەتە كاركردن بۆ ئەوەی ھەم ھێڵەكە چاك بكرێتەوە و ھەمیش بگوازرێنەوە".
بەڕێوبەری ئاوی ھەولێر دەشڵێت: "بە ھۆی شكان و گواستنەوەی ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز، ١٣ گەڕەك و چەندین ناوچەی ھەولێر و كەسنەزان ئاویان بەسەردا دابەش ناكرێت، لەبەر ئەوەش داوا لە ھاووڵاتیانی شاری ھەولێر دەكەین لە شەقامی شۆڕش تا شەقامی كەركووك، دەست بە ئاوەوە بگرن".
ئەحمەد، هەروەها روونیشی كردەوە: "هەموو ھەوڵێك دەدەین بە زووترین كات ھێڵەكان بگوازرێنەوە و رەوشی گەیاندنی ئاو ئاسایی ببێتەوە، پێشبینییش دەكەین لە ماوەی ٤٨ كاتژمێردا كۆتایی بە پڕۆسەی گواستنەوەی ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز بێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە