کۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلال ڕایدەگەینن بەرهەمهێنانى غاز لە هەرێمى كوردستان بە ڕێژەى 30% زیادى كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمپانیای دانەغاز، لەگەڵ هاوبەشەكەى كۆمپانیاى " نەوتى هیلال " ، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند كە ئاستى بەرهەمهێنانى غاز لە كێلگەى كۆرمۆر لە هەرێمى كوردستان بە ڕێژەى 30% زیادى كردووە.
هەروەها ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم زیادبوونەش بووەتە هۆى دابینكردنى سووتەمەنى زیاتر بۆ وێستگەكانى كارەبا لە هەرێم ، هەروەها وەرچەرخانێكى سەرەکیان تۆماركرد بەوەى كە هەردوو كۆمپانیاكە لە ڕێوڕەسمێكى تایبەتدا لەگەڵ حكومەتى هەرێمى كوردستان یادى (10) ساڵەى بەردەوام بەرهەمهێنانى غازیان لە هەرێمى كوردستان كردەوە.
لەبارەی ڕێژەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی ئەوەش خراوەتەڕوو، " تواناى بەرهەمهێنانى غازى سرووشتى لە 305 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێكدا زیادکراوە لەگەڵ بەرهەمهێنانى كۆندێنسەیت كە ڕۆژانە بڕەكەى لە 15 هەزار بەرمیل تێدەپەڕێت".
وێستگەكە كە لە ساڵى 2008 خرایە بەركار بۆ دابینكردنى غازى سروشتى لە وێستگەى (كۆرمۆر)ەوە بۆ وێستگەكانى كارەبا لە چەمچەماڵ و هەولێر لە ڕێگەى هێڵى بۆریەوە و بەم زووانە غاز بۆ وێستگەى كارەباى (بازیان) یش دابین دەكات. هەروەها وێستگەى كۆرمۆر غازى شل (LPG) و شلەكانى غازى سروشتى (NGL) یش بەرهەم دەهێنێت كە لە بازاڕى ناوخۆ دەفرۆشرێت.
لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، ئاستى وەبەرەهێنان لە پرۆژەى غازى كوردستان تا ئەمڕۆ گەیشتۆتە (1.4$ ملیار) ملیارێك و چوارسەد ملیۆن دۆلار بەمەش كۆى گشتى بەهەمهێنانى هاوتاى نەوت گەیشتە (250) ملیۆن بەرمیل كە بەمەش توانرا زیاتر لە (20) ملیار دۆلار پاشەكەوت بكرێت بۆ بودجەى هەرێم و عێراق بە گشتى كە دەبوو لە كڕینى سووتەمەنى سەرف بكرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە