لە دیداری ئەمڕۆی مەسروور بارزانی و عادل عەبدۆلمەهدی گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا

لە دیداری ئەمڕۆی مەسروور بارزانی و عادل عەبدۆلمەهدی گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا

پەیامی کورد    ...    ئەمڕۆ شەممە 11/1/2020، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدۆلمەهدی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و ژمارەیەک لە وەزیرەکان ئامادەبوون، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە بنەمایەکی باشیان بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی داناوە و ئێستاش دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو دانیشتووانی عێراق بێت.

لە لایەن خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا، پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی جددی هەیە کە گرفتەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوە دا، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر تەواوی عێراق، بۆیە پێویستی بە هەماهەنگییەکی زیاتر هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە هاوکاریی هێزی هاوپەیمانان.

هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە عێراق دوور بێت لە ململانێی هەرێمی و دەرەکی و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بپارێزێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە