تەقینەوەی گولە تۆپێک لە گوندی سنووریی و بوومەلەرزەلێدراوی "شێخ سەلە" لە سەلاس باوەجانی ٦ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هەنگاو تەقینەوەی گولە تۆپێکی بە جێ ماوە لە سەردەمی شەڕ ئێران و عێراقە لە کاتژمێر ٢٣ی شەوی ڕابردوو لە گوندی شێخ سەلە بووە هۆی کوژراو و برینداربوونی ٦ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک و ترس و دڵەراوکێ لە نێوان دانیشتووانی ئەو گوندە.
لەو ڕووداوە کوڕی ئەو ماڵە دەستبەجێ گیانی خۆی لە دەست دا و دایک و سێ خوشک و برای دیکەش بە هۆی زەختیی برینەکانیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕەسووڵی جوانڕۆ کراون.
ئاستی ئەو تەقینەوە بە ڕادەیەک بووە کە زیانێکی زۆر بە خانووی ئەو بنەماڵەیە گەیشتووە و ماڵەکانی دراوسێش زیانیان پێگەیشتووە.
یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووداوەکە ڕوونی کردەوە کە ماڵەکەیان بە هۆی بوومەکەرزە ڕووخاوە و کاتێک هەوڵی سازدانەوەی ماڵەکەیان داوە تووشی ئەو گولە تۆپە هاتوون و بۆ ئەوەی مەترسی لێ نەکەوێتەوە لە گۆشەیەکی حەوشە دای دەنێن.
وتیشی: باوکی بنەماڵەکە دەمێکەیە کۆچی کردووە و سەرپەرەشتیی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە کە چەند کەسیان کەمئەندامن لە ئەستۆی دایکیان بووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە