پەیامی کورد... دوو بنکەی ئەمریکا لە سووریا هێرشی کرایە سەر
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی سكای نیوز عەرەبی، شەوی رابردوو هێرش كراوەتە سەر دوو بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەو دوو بنكەیە بریتین لە خەرابجیر لە حەسەكە، هەروەها كێڵگەی نەوتی عومەر لە دێرەزۆر، كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەكاردەهێنن.
سەرەتا بنكەی خەرابجیر لە نزیك شاری رومەیلان لە گوندەوارەكانی باكووری حەسەكە كراوەتە ئامانج و لە نزیك بنكەكە دەنگی تەقینەوە بیستراوە ، دواتریش هەلیكۆپتەر بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا سووڕاونەتەوە .
پاشان سێ تەقینەوەی بەهێز لە نزیك بنكەی سوپای ئەمریكا لە كێڵگەی نەوتی عومەر لە گوندەوارەكانی دێرەزۆر بیستراوە، بەڵام نەزاندراوە كە ئایا هێرشەكە بە مووشەك بووە، یان بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژ.
بەپێی زانیارییە بەردەستەكان، هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانی و برینداربوونی لێنەكەوتووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە