پەیامی کورد... سێ بەندکراوی کورد لە شنۆ سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا
لانی کەم سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری شنۆ بە ناوەکانی کاروان شاهی پەروانە، فەرهاد تەهازادە و براکەی فەرزاد تەهازادە بە بێ بەشداریی خۆیانلەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاروان شاهی پەروانە تەمەن ٢٥ ساڵ، فەرزاد تەهازادە تەمەن ٢٤ ساڵ و فەرهاد تەهازادە تەمەن ٢٥ ساڵ لە ڕۆژی ١٠ سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە، تۆمەتی "موحاڕەبە" و بە بێ بەشداریی خۆیان لە دانشیتنی دادگا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
کە ئەم سێ بەندکراوە لە بەندیخانەی ئورمیە و شنۆ سزاکانیان پێ ڕاگەیەندراوە و ناچارکراون کە واژۆی بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، دایکی فەرزاد و فەرهاد ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەز سەردانی دادگای کردووە، کە پارێزەرەکەیان کە لەلایەن دادگاوە بۆیان دیاریکراوە، پێی وتووە: "سزای کوڕەکانت پشتڕاستکراوەتەوە و من هیچ کارێکم پێ ناکرێت."
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو سێ بەندکراوە ڕایگەیاند، کە ئەو سێ کەسە لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکاندا ناچار بە واژۆکردنی دانپێدانانی زۆرەملێ بوون و ئەتکی شەخسیەتی کراون.
کاروان شاهی پەروانە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرا و بەهۆی ئەشکەنجەی ئەو هێزانە پەنجەکانی دەستی شکاون.
هەروەها، فەرزاد تەهازادە دوای یەک مانگی ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە بۆ بەندخیانەی ئورمیە و براکەی فەرهاد تەهازادە بۆ بەندیخانەی شنۆ گواستراونەتەوە. ئەم دوو برایە لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرابوون.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەم سێ هاووڵاتییە، لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێ بەریبوون و لە دانیشتنی دادگاشدا مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیان نەبووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە