مەسروور بارزانی و باڵیۆزی رووسیا، پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد

مەسروور بارزانی و باڵیۆزی رووسیا، پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد

مەسروور بارزانی و باڵیۆزی رووسیا، لە دیدارێكدا دواپێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكەیان ئاڵۆگۆڕ كرد و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا كرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥/٢/٢٠١٩، مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە مەكسیم ماكسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.

 لە دیدارێكدا، كە بە ئامادەبوونی ڤیكتۆر سیماكۆڤ، كۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر بەڕێوە چوو، دواپێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكە ئاڵۆگۆڕ كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا لە گشت بوارەكان كرایەوە.

لەو دیدارەدا، وێڕای روونكردنەوەی بایەخی تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكوومەتی فیدراڵ، تیشك خرایە سەر میكانیزمی چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، پەیوەست بەوە مەسروور بارزانی دووپاتی لە خواستی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە پابەندبوون و جێبەجێكردنی دەستوورە وەك رێگەچارەی بەدیهێنانی سەقامگیری و رایگەیاند، پێویستە لە یەكلاكردنەوەی پرسەكاندا دەستوور حەكەم بێت.

پەرەسەندن و زیادبوونی جموجۆڵەكانی داعش و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بە ناو و شێوازی جیاوە، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەمبارەوە مەسروور بارزانی رایگەیاند، پێویستە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی كاری جیددی بكرێت لەسەر چارەكردنی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر، هاوكات دەبێت شەڕی هزری توندڕۆیی لە ئاستە جیاوازەكاندا دەست پێ بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەكانی رەوشی سووریا، بە تایبەتی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات گفتوگۆی لەسەر كرا، لەمبارەوە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسیانەی رەوشەكە بە بەشداریی نوێنەری گشت پێكهاتەكان كردەوە و رایگەیاند، پێویستە لە گفتوگۆكاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی كورد لەو وڵاتەدا بدرێت.

هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قووڵتركردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا، بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە