ماکرۆن : ئاگربەستەکەی سووریا دەبێ عەفرینیش بگرێتەوە

ماکرۆن : ئاگربەستەکەی سووریا دەبێ عەفرینیش بگرێتەوە

" ئێمانوێل ماكرۆن " سەرۆكی فەڕەنسا ئەوڕۆ دووشەممە ٢٦ ی فێبریوەری ٢٠١٨  لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکكۆماری توركیای ڕایگەیاندووە كە ئەو ئاگربەستەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری لەسەر دا بۆ سووریا، دەبێ عەفرینیش بگرێتەوە.



سەرۆكی فەڕەنسا مەترسی قووڵی خۆی پێشان داوە لە بەردەوامبوونی شەڕ لە ناوچەكە و ئاماژەی بە غوتەی رۆژهەڵاتیش كردووە، كە لەلایەن ڕژێمی سووریاوە كۆمەڵكوژی تێدا ئەنجام دەدرێ.

 

ماكرۆن ، دووپاتی کردووەتەوە لە جێبەجێكردنی ئاگربەستی مرۆیی ژمارە 2401ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەرجەم ناوچەكانی سووریا كردووەتەوە، بە شاری عەفرینیشەوە.


بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆشكی ئێلیزەی فەڕەنسا، ماكرۆن بە ئەردۆگانی ڕاگەیاندووە كە دەبێ لەلایەن هەمووانەوە، بەبێ دواخستن، ئاگربەستەكەی سووریا جێبەجێ بكرێت.


داواکەی ماكرۆن لە كاتێكدا دێتە ئاراوە كە دوێنێ توركیا دەمودەست لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەكە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، ڕایگەیاندوە كە ئاگربەستەكە شەڕی عەفرین ناگرێتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە