پەیامی کورد...ڕێفڕاندۆمێکی مێژووی لە ئۆسترالیا دەکرێت
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، ئوسترالیا لە 14ـی ئۆکتۆبەر ریفراندۆمێکی مێژوویی سەبارەت بە مافەکانی دانیشتووانە رەسەنەکەی ئەنجامدەدات، بە ئامانجی هێنانی دەنگی پێویست، هاوکات بەپێی راپرسییەکان ئەم پڕۆژەیە وڵاتەکە دابەش دەکات و رووبەڕووی مەترسی رەتکردنەوە دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (30ـی ئابی 2023)، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، گوتی: لەم رۆژەدا هەموو ئوسترالییەک دەرفەتێکی ناوازەی بۆ دەڕەخسێت بۆ یەکخستنی وڵاتەکەمان و گۆڕینی بۆ باشتر. ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو ئوسترالییەکان دەکەم دەنگ بە بەڵێ بدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەگەر پڕۆژەکە کە چەند مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، پەسەند بکرێت، ئەوا خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا کە باپیرانیان لانیکەم 60 هەزار ساڵە لەم کیشوەرەدا ژیاون، بۆ یەکەمجار لە دەستووردا دانیان پێدا دەنرێت و مافی ئەوەیان دەبێت کە راوێژیان لەگەڵدا بکرێت.
هاوکات راپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەوانەی دەنگ بە "بەڵێ" دەدەن لە ئێستادا زۆرینە پێکناهێنن و هەندێکیش ترسیان لەوە هەیە کە شکستی ریفراندۆمەکە کۆمەڵگەی ئوسترالیا دابەش بکات و ناوبانگی وڵاتەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەکەدار بکات.
ئەلبانیس دەڵێت "دەنگی نەخێر" بەرەو هیچ شوێنێک نامانبات، مانای ئەوەیە هیچ شتێک ناگۆڕێت. دەنگی "نەخێر" دەرگا لەسەر دەرفەتی هەنگاونان بەرەوپێشەوە دادەخات". ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەرگا لەسەر نەوەی داهاتووی ڕەسەنی ئوسترالیا دامەخەن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە