TR KU SO
FB X
Aborî

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەیشت

📅 22 Ağustos 2019 20:08

پەیامی کورد     ...   بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران دەینێرێت، گەیشتە هەرێمی كوردستان.

 

عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەمە 22-8-2019) پارەکە گەیشتە هەرێمی كوردستان، بەگەیشتنی ئەو پارەیەش دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان خێراتر دەبێت".

 

 هەروەها ئیحسان یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی عێراق راگەیاند "ئەمڕۆ پارەی مووچەی فەرمانبەرانمان رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و پارەکە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.

 

وەزارەتی دارایی هەرێمی كورستان پێش پشووەكانی جەژنی قوربان لە داهاتی ناوخۆ، دەستیكردووە بە دابەشكردنی مووچە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی پارەی مووچە لە بەغداوە، لە چەند رۆژی رابردوودا پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بەخاوی بەڕێوەچوو.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 881 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی، لەو بڕە 453 ملیار دیناری حكومەتی عێراق ‌و 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سرووشییەكانی هەرێمی كوردستان دابینی دەکەن، ئەوەی دیكەش لە داهاتی ناوخۆ دابیندەكرێت.

Paylas: