سبەینێ لە (18) پارێزگای عێراق سەرژمێری گشتی ئەزموونی بەڕێوەدەچێت
سبەینێ لە (18) پارێزگای عێراق سەرژمێری گشتی ئەزموونی بەڕێوەدەچێت و لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك لە (19) گەڕەك پرۆسەكە ئەنجامدەدرێت و ماوەی (14) رۆژ دەخایەنێت.
رۆژنامەی (الصباح) بڵاویكردەوە، سبەینێ هەینی 31ی ئایاری 2024 سەرژمێری دانیشتوانی ئەزموونی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت كە لە (86) ناوچەی جیاواز (18) پارێزگا ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەیان بەوەشكردوە، پرۆسەكە ماوەی (14) رۆژ بەردەوام دەبێت (764) لێكۆڵەرەو كارمەندی هونەری و كارگێڕی لە فەرمانبەرانی سەربە دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەشداری تیادا دەكەن.
لایخۆیەوە محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە: لێكۆڵەرو ژمێركارەكان لەنێوان كاتژمێر (8_9)ی بەیانی دەگەنە ئەو ناوچانەی كە سەرژمێرییەكە دەیگرێتەوە، كارەكەیان تا كاتژمێر (4) پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت بە درێژایی رۆژانی سەرژمێری ئەزموونی.
ووتیشی: هاوكاریكردنی خێزانەكان بنەمای سەركەوتنی پرۆژەكەیە، جەخت لە پابەندبوون دەكەین بە نهێنی بوونی داتاكان و پاراستنی تایبەتمەندی كەسەكان بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكارناهێنرێت جگە لە ئامانجەكانی گەشەپێدان.
ئەو ناوچانەی سەرژمێری ئەزموونی دەیانگرێتەوە ژمارەیان (86) گەڕەكە (450) بلۆك كە بەسەر سەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا دابەشبوون كە هەر لە پارێزگایەك (20_30) بلۆك لە خۆدەگرێت.
لە هەریەك لە پارێزگاكانی بەغدادو بەسرە (6) گەڕەك، نەینەوا (5) گەڕەك، زیقار (8) گەڕەك، سلێمانی (8) گەڕەك، هەولێر (3) گەڕەك، دهۆك (8) گەڕەك، كەركوك (4) گەڕەك، لە هەریەك لە نەجەف و بابل (6) گەڕەك، دیالە (3) گەڕەك، میسان (7) گەڕەك، كەربەلا (3) گەڕەك، دیوانیە (2) گەڕەك، ئەنبار (7) گەڕەك، موسەننا (4) گەڕەك.