بەپەلە ... وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرووپێکی بە ناوی " هەنگاو " لە دژی ئێران دامەزراند
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا " ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی ئۆگۆست " لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پێکهێنانی " گرووپی هەنگاو بۆ ئێران " کرد و ووتی :" مەبەست لە درووستکردنی ئەم گرووپە درووستکردنی گرووپێکی هاوئاهەنگە بو جێبەجێ کردنی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە ئێران، لە سەردەمی دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥، بە مەبەستی گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە ناوەندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە شاری واشینتۆن بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند : برایان هووک بەڕێوەبەری پلان دانانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە کە بەرپرسایەتی ئەم گرووپەی لە ئەستۆیە و چاودێری سیاسەتی دەوڵەتی ترامپ دەکات بەرامبەر بە ئێران و هەروەها ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتەکانی دەداتەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد ئێمە دەبێت گۆڕانی گەورە ببینین لە هەڵسووکەوت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیدا و دونیا خوازیاری ئەوەیە گۆڕانێکی گەورە لە ڕەفتاری ئێراندا ڕوو بدات. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان ئەخەینە گەڕ بەوەی ئێران ناچار بکەین ڕەفتار و هەڵسووکەوتی بگۆڕێت و برایان دەورێکی زۆری هەیە لە گوشار خستنە سەر ئێران بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی