دوایین هەواڵەکانی سەر عەفرین
لەدوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانییەوە، فەرماندەكانی یەپەگە شارەكەیان لەهاووڵاتیانی سڤیل چۆڵكرد، ئەندامێكی كانتۆنی عەفرینیش دەڵێت “زیاتر لە 200 هەزار كەس بەهۆی داگیركارییەكەی توركیاوە ئاوەرەبوون و بێ ناون و ئاون”.
هێڤی مستەفا، ئەندامی كانتۆنی عەفرین بە رۆیتەرزی ڕایگەیاندوە، ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان پێیە لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان دەخەون، ئەوانەشی ئۆتۆمبێلیان پێنییە لەژێر دارەكان لەگەڵ منداڵەكانیان دەخەون”.
ووتیشی “ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەش كە لەناو عەفریندا ماون، ژیانیان لە مەترسیدایە و لەلایەن گروپە توندڕەوەكانی هاوپەیمانی توركیا هەڕەشەیان لێدەكرێت و ماڵەكانیان تاڵاندەكرێت”.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاكی دیموكراتی رۆژئاوای كوردستان (تەڤدەم) رایگەیاند، ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا دەستیپێكردوە تەنیا بۆ گرتنی عەفرین نییە بەڵكو بۆ داگیركردنی گشت باكوری سوریایە.
وتیشی “ئەردۆگان دەیەوێت لەڕێگەی خۆسەپاندن لە سوریا، دەسەڵاتەكانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی نوێبكاتەوە لەناوچەكە، بۆیە لەئێستادا نەك تەنیا عەفرین، بەڵكو سەرجەم باكوری سوریا لەمەترسیدایە”.
محەمەد جەلال قاسم، سەركردە لە حزبی چەپی كوردی لە سوریا داوای راپەڕینی كرد لەسەرجەم گەلانی سوریا و وتی “توركیا تەنیا دژی كورد نەهاتووە، بەڵكو دەیەوێت هەموو باكوری سوریا داگیربكات، ئێستاش پێویستە هەموومان بچینە پاڵ شەڕڤانان و پارێزگاریی لەعەفرین بكەین كەپێشتر باوەشی بۆ هەزاران ئاوارەی شارەكانی دیكەی سوریا كردەوە، بەڵام ئێستا خەڵكەكەی ئاوارە و سەرگەردان بوون”.
ووتیشی “ئەوەی لەعەفرین ڕوودەدات پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییە و كوشتنی منداڵ و دابڕانی دایك و منداڵ لەیەكتری ئەو تاوانانەن كە بەرامبەر گەلی عەفرین ئەنجامدران، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان بە گشتی لێی بێدەنگن”.
داواشیكرد، سەرجەم گەلانی سووریا، عەرەب، كورد و سریان دژی حكومەتی توركیای دیكتاتۆر ڕابپەڕن و پشتگیری بەرخودانی عەفرین و شەڕڤانان بكەن.
ئەوەشی وت “دۆخی عەفرین زۆر شێواوە و خەڵكەكەی زیانی ماددی مەعنەوی زۆریان بەركەوتوە و سەدان خێزان لە سەرەتای پڕۆسەی داگیركارییەكەی عەفرینەوە ئاوارە بوون، ئەو شارەی خەڵكەكەی باوەشی بۆ هەمووان كردبوەوە ئێستا خۆیان ئاوارەن و هاوكاری هەموانیان دەوێت”.
لەسەرەتای هێرشی توركیاوە بۆ سەر عەفرین 500 هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون كە لەنێویاندا مناڵ، ژن و پیر هەن، زیاتر لە 1030 هاووڵاتیش بریندارن و 820 شەڕڤانیش شەهیدبوون.
سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی لە گروپە توندڕەوەكان لە 20ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئۆپراسیۆنی (چڵەزەیتوون)یان دەستپێكرد بۆ داگیركردنی عەفرین، رۆژی 18ی ئازاریش چوونە ناو شارەكەوە و شەڕڤانانیش بۆ ڕوونەدانی كارەساتی مرۆیی داوایان لە هاووڵاتییە سڤیلەكان كرد شارەكە چۆڵبكەن و راشیانگەیاند كە تاكتیكی شەڕ دەگۆڕن و دەبنە كابوس بۆ سوپای توركیا.