دوازدە وڵات هۆشدارییەکی توند دەدەنە حووسییەکان
پەیامی کورد... دوازدە وڵات هۆشدارییەکی توند دەدەنە حووسییەکان
دوازدە وڵاتی جیهان لەوانەش ئەمریکا، بەریتانیا، ئەلمانیا لە هۆشدارییەکی تونددا بۆ حووسییەکان، داوا دەکەن کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئۆسترالیا، بەحرێن، بەلجیکا، دانیمارک، هۆڵەندا، نیوزلەندا، بەریتانیا، ئەلمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا و ژاپۆن، وێڕای ئاماژەکردن بەو هێرشانەی کە حووسییەکان لە ڕێڕەوە بازرگانییەکاندا دەیکەنە سەر کەشتییەکان، هەڕەشەی کۆتایی پێهێنان بە هێرشەکانیان کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێرشەکان هەڕەشە لە بازرگانی جیهانی دەکەن و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ملیۆنان خەڵک دەبێت و ڕاشگەیەندراوە کە بەشێکی زۆری ڕای گشتی جیهان دژ بە ئەو هێرشانە یەکگرتوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە، "بەردەوامی ئەو هێرشە نایاساییانە، قبوڵکراو نییە و هەڕەشەیەکی جددیش لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات و هێرشە بۆ سەر هەرچەشنە کەشتییەکی سڤیل و یان سەبازیش ڕەوایی پێ نادرێت".
ئەو وڵاتانە داوشیان کردووە کە هەرچی زووە کۆتایی بە هێرشەکان بهێنرێت و بە پێچەوانەوە، "وەڵامێکی گشتی" بۆ هێرشەکان بە گونجاو زانراوە.