TR KU SO
FB X
Cîhan

ناتۆ جارێكی دیكه‌ بەڵێنی بەئەندامبوون به‌ ئۆکرانیا ده‌دات

Rozan Ateş
Yazar
📅 30 Kasım 2023 13:24

پەیامی کورد... ناتۆ جارێكی دیكه‌ بەڵێنی بەئەندامبوون به‌ ئۆکرانیا ده‌دات


ئەمینداری گشتی ناتۆ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ناتۆدا جەخت لەسەر بە ئەندامکردنی ئۆکرانیا لە رێکخراوەکەدا کراوەتەوە.

یەنس ستوڵزبێرگ ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پشتگیرییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا ناوەستێت.

باسی له‌وه‌ش كرد لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەڵمانیا بەڵێنی پێشکەشکردنی هەشت ملیۆن یۆرۆی بە ئۆکرانیا داوە و هۆڵەنداش بەڵێنی پێشکەشکردنی دوو ملیاری داوە و هەروەها رۆمانیا بنکەیەکی مەشقپێکردنی فڕۆکەی ئێف ١٦ی بۆ فڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا کردووەتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن بە مەبەستی دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ بەرگری ئاسمانی و لە کۆبونەوەی رۆژی رابردووی وەزیراندا جەخت لەسەر پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و بە ئەندامکردنی ئۆکرانیا لە رێکخراوی ناتۆ کراوە.

دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئۆکرانیا داواکاری بوون بە ئەندامی لە ناتۆ پێشکەشکرد و روسیاش هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و رایگەیاند، هۆکاری سەرەکی هێرشەکانیان داواکاری ئەو وڵاتەیە بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ و ئەگەر داواکارییەکەیان بکشێننەوە جەنگ کۆتایی دێت، بەڵام ئۆکرانیا رەتیکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەوان وڵاتێکی ئازادن و خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان دەدەن.

 

Paylas: