ئێران هاووڵاتییەکی سوێدی لەسێدارە دەدات
پەیامی کورد... ئێران هاووڵاتییەکی سوێدی لەسێدارە دەدات
میدیای ئێران دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هاووڵاتییەکی سوێدی بە رەچەڵەک ئێرانی بەناوی حەبیب شەعب بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی "تیرۆرە"ـەوە لەسێدارە دراوە.
رۆژی شەممە، 6ـی ئایاری 2023، میدیای فەرمیی ئێران لەسەر زاری بەرپرسانی دادوەری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی حەبیب فەرەجوڵڵا شەعبییان جێبەجێکردووە کە تاوانبار بووە بەوەی "سەرۆکی گرووپێکی تیرۆریستی بووە" و "کاری تیرۆریستی" لەنێوخۆی ئێران ئەنجامداوە.
میدیای ئێران دەڵێت، حەبیب لە ساڵی 2020 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و تۆمەتبار بوو بەوەی سەرۆکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەهوازە؛ ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە بە "گرووپێکی تیرۆریستی" ناسراوە و تۆمەتبارە بەوەی چەندین هێرشیان لە پارێزگای خوزستان ئەنجام داوە.
ئەو هاووڵاتییە لە 6 کانوونی یەکەمدا لە لایەن دادگەیەکی تارانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و دوای بڕیارەکەش، حکومەتی سوێد سەرکۆنەی کرد.
بەگوێرەی داواکاری گشتیی ئێران، سەرکردەکانی دیکەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی ئەهواز لە وڵاتانی ئەوروپا دەژین، لەوانەش دانیمارک، هۆڵەندا، سوێد و هەروەها لە رابردووشدا سعودیەش تۆمەتبار دەکرا بەوەی هاوکاری دارایی ئەو گرووپەی دەکرد.