Kurdistan
کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری نەوسوود بریندار کرا
پەیامی کورد... کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری نەوسوود بریندار کرا
کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە سنووری نەوسوود بریندار کرا و بەمەش لە وەرزی زستاندا تەنیا لە سنووری نەوسوود ٢٠ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ئاداری ٢٠٢٢، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی کاوە خەسرەوی بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاوە خەسرەوی خەڵکی گوندی «قاڵیچە» سەر بە سەلاسی باوەجانی بووە و باری جەستەیی جێگیر ڕاگەیاندووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا لانی کەم ٢٠ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.