بریندار بوونی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان
پەیامی کورد ... بریندار بوونی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە و ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی شاری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بریندار بووە.
ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە لاقی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکراوە، سەعدی میرزایی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی ڕاگەیەندراوە.
هاوکات لە سنووری هەنگەژاڵی بانە هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە کاوروانێکی کۆڵبەران کردووە و لانیکەم دوو کۆڵبەر بریندار بوون. هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی ئورمیە کۆڵبەرێکیان بە ناوی ”سەلمان مەحموودیان“ بریندار کردووە.