چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار کران
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و بە تەقینەوەی مین بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی (ئەفشین نەزەری)، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی و (عەتا حوسێنی)، خەڵکی پاوە، لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوودی سەر بە شاری پاوە، لە ئەنجامی لێدان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، هەروەها دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین لەو سنوورەدا بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی (محەممەد میرانی) خەڵکی گوندی بانەوڕەی سەر بە شاری پاوە، قاچی بە سەختی بریندار بوو و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە. هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بەناوی (ئەبووبەکر- ناسراو بە نادیار) سەر و دەستی بریندار بووە.