TR KU SO
FB X
Kurdistan

حکومەتی هەرێم لەیادی ئەنفالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە

نەهرۆ
Admin
📅 14 Nisan 2018 16:38

حكومەتی هەرێم پەیامێكی لە یادی 30 ساڵەی ئەنفال بڵاوكردەوە و تیایدا داوای یەكریزی هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەكات و بە تاقە گەرەنتی دادەنێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر شاڵاوێكی شەڕانگێزانەی بۆ سەر کوردستان.

دەقی پەیامەكە:

ئەمڕۆ سی ساڵ بەسەر پرۆسەی جینۆسایدی گەلی كوردستان (شاڵاوی بەدناوی ئەنفالەكان)دا لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت. شاڵاوێك كە بۆ سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەییی كورد، مرۆڤ و خاك و ژینگەی كوردستانی پێكەوە كردە ئامانج و جگە لە بێسەروشوێنكردن و كۆمەڵكوژكردنی نزیكەی ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێ تاوان و سڤیل، بووە هۆی خاپووركردنی هەزاران گوند و شێواندنی ژینگە و بەسووتماككردنی خاكی كوردستانیش.

لە كاتێكدا یادی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفالەكان، بەرز ڕاگرتن و ڕێزلێنانە لەو خوێن و قوربانیەی كە بە درێژاییی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی ئەم گەلە پێشكەشی كردووە، هاوكات بۆ پەند و وانە وەرگرتنە لە مێژوو بە جۆرێك كە بە بیر و كردار هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بین وێڕای ڕێگری لەهەر شاڵاوێكی هاوشێوەی ئەنفالە بەدناوەكان، شوێنەوارە دەروونی و ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییە نەرێنییەكانی ئەو شاڵاوە نامرۆڤانەیەش بسڕینەوە.

ئەم ئەركانە لەمێژە خەمێكی سەرەكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و جگە لە هەوڵی بەردەوامی بۆ گێڕانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفالەكان، ئاوەدانكردنەوەی گوند و ژینگە خاپووركراو و شێوێندراوەكانی كوردستان و هاوكاریكردن و باشتركردنی گوزەرانی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان، هەمیشە لە كارە لەپێشینەكانی حكوومەت بووە و لەم پێناوەدا ئەوەی لە توانادا بووبێت كاری بۆ كراوە و هەڵبەتە كاری زۆریش ماوە كە دەبێ بكرێت و حكوومەتی هەرێم بە ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆی دەزانێت و كەمتەرخەم نابێت.

لە ئاستی دەرەوەدا ناساندنی ئەم شاڵاوە دڕندانەیە بە جینۆساید كارێكی جددیی حكوومەت بووە، لە عێراقیش دادگای تاوانەكان بەر لە هەر لایەنێك ئەم شاڵاوەی بە جینۆساید ناسیوە و هیوادارین لە ڕووی قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی كەسوكاری ئەنفالكراوان و گەل و خاكی كوردستانەوە، حكوومەتی عێراق وەك ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی، هەنگاوی جددی و كردەیی بنێت.

كوردستانییانی خۆشەویست..

تاقە گەرەنتی و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر شاڵاوێكی شەڕانگێزانەی ناحەزانی گەلەكەمان هاوشێوەی ئەنفال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برایانی ئێزدیماندا هات، یەكڕیزی و یەكێتیی لایەن و پێكهاتەكانی كوردستانە، وەك چۆن یەكڕیزیمان لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكاندا فاكتەری سەرەكیی سەرخستنی دۆزی ڕەوا و هێنانەدیی ئامانجەكانمانە بۆ ئایندەیەكی گەشی نەوەكانمان و كوردستانێكی ئاوەدان و پێشكەوتوو لە سایەی ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا.

گەلی كوردستان هەمیشە شانازی بە كولتووری لێبوردەییی خۆیەوە دەكات، بەڵام هەرگیز ئەو زام و ئازارانە لەیاد ناكات كە دەستی غەدری ئەوانی دیكە لە جەستە و ویژدان و یادەوەریی نەتەوەییدا دروستیان كردوون، وەك چۆن هەرگیز ئەو دەستی هاوسۆزی و دڵسۆزانەیەش لە یاد ناكات كە لە لایەن دڵسۆزان و دۆستانی مرۆڤایەتی و ژیانەوە بۆی درێژكراون.

سڵاو بۆ گیانی پاك و بێتاوانی ڕۆڵە ئەنفالكراوەكانی گەلەكەمان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

2018/4/14

Paylas: