کوژرانی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات
پەیامی کورد ... کوژرانی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لانیکەم چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی سەردەشت و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری قەلەرەشی سەردەشت تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا سێ کۆڵبەر کوژراون.
ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرەی “زانست حەسەن نەژاد” تەمەن ٢٥ ساڵ، “زانکۆ ئەحمەدی“ تەمەن ٢٢ ساڵ و ”سرووش ملکاری“ ڕاگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری زێوەی پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ”جەلال خزری“ خەڵکی زێوە گیانی لە دەست داوە. تەرمی ئەو کۆڵبەرە هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی مانگی ئاگۆستی ئەمساڵ ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون.