کچە کوردێک لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە درایە بەر لێدان و تووشی جەڵتەی مێشک بووە
پەیامی کورد... کچە کوردێک لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە درایە بەر لێدان و تووشی جەڵتەی مێشک بووە
ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووەتە کۆما و ئاستی وشیاری لە خوارەوەیە و لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا ئەمینی لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن گەشتی ئێرشاد دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزای ئەو شارە.
یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی لەمبارەوە ب ڕاگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران بە باتۆم دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگە باری تەندروستی تێک دەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا و تا ئێستا ئاستی وشیاری ٣ ڕاگەیەندراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان ڕاگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.
بنەماڵەی ئەمینی چوونەتە ئەو ژوورەی ژینای تێدا ڕاگیراوە و بەڵام ئیزنیان نەدا فیلم هەڵبگرن، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە جەستەی ژینا ڕەش و شین بووە و ئاسەواری لێدان بەسەر دەموچاو، لاق و جەستەیەوە دیار بووە.
ئەم سەرچاوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینی کردووە کە نابێت بە هیچ شێوە لەو بارەوە لەگەڵ میدیای دەرەکی قسە بکەن.