TR KU SO
FB X
Kurdistan

پارێزگاری دهۆک: رێگای گۆپاڵ - رووڤیا پرۆژەیەکی ستراتیژییە

سارا
Yazar
📅 20 Ekim 2020 16:41

پەیامی کورد     ...    پارێزگاری دهۆک: رێگای گۆپاڵ - رووڤیا پرۆژەیەکی ستراتیژییە

پارێزگاری دهۆک رایدەگەینێت، رێگای خێرای گۆپاڵ - رووڤیا پرۆژەیەکی ستراتیژییە و خزمەتێکی گەورە بە خەڵکی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2020، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێکی رێگای خێرای نێوان هەولێر و دهۆک (گۆپاڵ - رووڤیا)، کرایەوە.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە وتەیەکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی رێگاکە، رایگەیاند، سەرەڕای قەیرانی دارایی، مەسروور بارزانی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

دەقی وتەکەی عەلی تەتەر:

ئەم پڕۆژەیە بە تایبەتیش كە لە نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆكە، پڕۆژەیەكی ستراتیژییە كە دەكرێ ئاسانكارییەكی زۆر بۆ هەموو كەسێك بكات، چونكە بەشێكە لە ڕێگەی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ سنووری توركیا هەروەها لەگەڵ پارێزگاكانی هەولێر و دواتر بۆ سلێمانی.

ئەم پڕۆژەیە لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و لە لایەن كۆمپانیای هاڤین گرووپ كردراوە.

پاش سەردانی كاك مەسروور بارزانی پێشتر بۆ سنووری پارێزگای دهۆك، رەزامەندی لەسەر چەند پڕۆژەی دیكە دراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا لە دەستپێكی پارێزگای دهۆك لە چەمە یان گۆپاڵ، دەبینە خاوەن ڕێگەیەكی ئۆتۆبانی زۆر باش تا سنوورەكانی دەوڵەتی توركیا.

ئەمڕۆ ڕۆژێكی جێی سەربڵندییە، چونكە ٢٠ی ئۆكتۆبەرە و ئەو ڕۆژەیە كە شێرەكوڕانی ئەم وڵاتە شێرانە لە شێراوە هاتنە دەست و نەیانهێشت ئەم وڵاتە بكەوێتە بەر مەترسی. لێرەوە ڕێز و سڵاو بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین.

ئێمە هیوادارین سەرەڕای ئەو قەیرانەی هەیە، بە دڵنیاییەوە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموومان جددیترە تاوەكوو بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هەموو ناوچەكان پێشكەش بكرێت.

Paylas: