سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لە کار کشاندەوە
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان و هاوڕێیەکی نزیکی رێکخەری کۆچکردووی ئەو حزبە " نەوشێروان مستەفا " ، دەستی لەکار کێشایەوە.
عوسمانی حاجی مەحمود ، کە لە خانەی ڕاپەڕاندن سکرتێری کار و باری باژێرڤانەکانە ، مانگی ٧ ی ساڵی ڕابردوو زۆرترین دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە دەست هێنا لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندندا کە ٤٥ دەنگ بوو ،ئەو خانەیە بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە .
بەپێی زانیارییەکان، عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە و گەڕاوەتەوە سوید.
پێشتر ، کە کەسێکی نزیکی نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەری کۆچکردووی گۆڕان بوو، بەهۆی پەرەسەندنی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەی، هەڕەشەی دەست لەکارکشانەوەی کردبوو.
ئەو ئەندامەی خانەی داوای دەکرد جڤاتی گشتی بکرێتە ناوەندی بڕیاردانی گۆڕان لەبڕی خانەی ڕاپەڕاندن، چوونکە بەپێی زانیارییەکان، چەند باژێڕوانێکی گۆڕان، کە ئەندامی جڤاتی گشتین، گوشاریان لێ دەکرد بۆ هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ناوەندی بڕیار لە خانەی ڕاپەڕاندنەوە بۆ جڤاتی گشتی.