شەڕی نێوان هەپەگە و سوپای تورکیا لەناوچەی برادۆست بەردەوامە
بەپێی راگەیندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، دوێنێ هەینی سوپای تورکیا هەوڵیداوە گەلیی ماسیرۆ لەباشوری کورستان داگیربکات، بەڵام گەریلاکانیان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و تا ئیستاش شەڕ لەناوچەکە بەردەوامی هەیە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەراگەیندراوێکدا، بڵاویکردووەتەوە، کە دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا پەلاماری ناوچەی برادۆستی باشوری کوردستانیدا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەدا، ڕۆژی (١٥) ئادار، بەهێلیکۆپتەری جۆری کۆبرا، بۆردوومانی ناوچەکە و گەلی ماسیرۆ کراوە.
هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دوای بۆردوومانکردنی ئەو ناوچەیە، سوپای تورکیا هەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە گەلییەکەو داگیری بکات، بەڵام لەلایەن گەریلاکانیانەوە، بەرپەرچی ئەو هێرشە دراوەتەوەو شەڕ رووبەڕووبوونەوە رویداوە.
ئاشکراشکراوە، کە لەو رووبەڕووبوونەوەکانەدا، چەندین سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و برینداربوون، تا ئێستاش شەڕ لەو ناوچانە بەردەوامە.