پەیامی کورد... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد
سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد و ئاماژەی بەوە دا: "لەگەڵ حكوومەتی عێراقی و سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور و لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 10/10/2023، لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارەكەدا باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق سەرسامیی خۆی بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە ئایینی و نەوتەوەییەكان لە كوردستان نیشان دا، هەروەها ستایشی ئەو فەرهەنگە مێژووییەی پێكەوەژیانی كرد كە لە كوردستاندا بووەتە هۆی ڕەخسانی كەشێكی لەبار بۆ بوونی ڕەنگ و فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەرگریكردن لە مافی پێكهاتەكان و پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنەوەی بەرز نرخاند.
هەر پەیوەست بەم باسەوە، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە كولتووری پێكەوەژیان لەناو خەڵكی كوردستاندا ڕەگوڕیشەی دێرین و مێژوویی هەیە و گەلی كوردستان بە ڕووی فرەیی و بیروڕای ئایینیدا هەمیشە كراوە و ئازاد بووە و ئەوە بۆ میللەتەكەمان كولتوورێكی دەوڵەمەندە و جێگەی شانازییەكی زۆرە.
هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ و دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسییەكان و ئەوەی دووپات كردەوە كە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی و محەمەد سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور و لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە