پەیامی کورد... بریندارکرانی کۆڵبەرێکی بەساڵاچوو لە سنووری کرماشان
کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی حەبیب ڕەزایی و تەمەن ٥٢ ساڵ، دوای ئەوەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەسەختی بریندار بووە، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و هەنووکەش باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، حەبیب ڕەزایی، تەمەن ٥٢ ساڵ و کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندار بووە و پاشان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران پشتی ئەو کۆڵبەرە پێکراوە و وێرای ئەوەی کە بڕبڕی پشکی شکاوە، بە شێوەیەکی مەترسیدار تووشی خوێنبەربوونی هەناو بووە.
لە ئێستاشدا حەبیب ڕەزایی بۆ بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "تاڵەقانی"ی شاری کرماشان گواستراوەتەوە و باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە کە ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێ کەوتووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە