پەیامی کورد... کوژرانی دوو هەزار منداڵی چەکداری حووسی لە ماوەی یەک ساڵدا لەو وڵاتە
میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوامن لە بارهێنان و چەکدارکردنی منداڵان و ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ.
هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێد پرێس، ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای میلیشیا حووسییەکانی یەمەنەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ڕێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان لە نێوان حووسییەکان و دەوڵەتی یاسایی یەمەن، بە سەدان منداڵی تەمەن ١٠ تا ١٢ ساڵانیان بۆ ڕاهێنانی سەربازیی و مەشق پێکردن بار هێناوە و چەکداریان کردووە لە بەرەکانی شەڕدا جێگیر کراون.
ئەو دوو بەرپرسە حووسییە کە هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس بە توندڕەویان ناودەبا و نەیانویستووە کە ناویان ئاشکرا بێ، سەبارەت بە چەکدارکردنی منداڵانی تەمەن ١٠ تا ١٢ ساڵان ڕایانگەیاندووە کە، ئەو کارە هیچ جۆرە کێشەیەکی نییە و منداڵانی تەمەن ١٠ ساڵ بە پیاو دێنە هەژمار و دەبێت فێر بن کە لە خاکی خۆیان بەرگری بکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران لە یەمەن بەناوی ئوردووی هاوینە منداڵانی تەمەن ١٠ بۆ ١٢ ساڵان دەبن و ڕاهێنانی سەربازییان پێ دەکەن و پاش ماوەیەک دەیاننێرنە بەرەکانی شەڕ و بەو جۆرە بەردەوامن لە پێشێلکردنی مافی منداڵان لە یەمەن.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر پێشێلکارییە مرۆیییەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن دەنووسێ: لەناوی یەک ساڵدا ٢هەزار منداڵ لە بەرەکانی شەڕدا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمە کارەسات و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی منداڵانە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانی یەمەنەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە