رازی نابین سەرۆكی حكومەت تەنها لە هەولێر و دهۆك دەسەڵاتی هەبێت

رازی نابین سەرۆكی حكومەت تەنها لە هەولێر و دهۆك دەسەڵاتی هەبێت

پەیامی کورد    ...    كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی جەختدەكاتەوە حزبەكەی پابەندە بەڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركووك، دەشڵێت "لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكیتی كۆدەبینەوە و لە هەر شوێنێك خەلەل هەبێت چارەسەری دەكەین".
كاكەمین نەجار  لەبارەی هۆكاری دەستبەكارنەبوونی كاندیدی كورد لە پۆستی پارێزگاری كەركووكدا ڕایگەیاند :  " لەگەڵ یەكیتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتین لەسەر كاندیدێك بۆ پارێزگاری كەركووك، بەڵام وەك دەزانرێت پارێزگار دەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەربدرێت، ئەنجوومەنیش بەتەنها كوردی تێدا نییە بەڵكوو توركمان و عەرەبی تێدایە و دەبێت هەماهەنگی هەبێت لەوڕوەوە، دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر بدات و بەغداش پەسندی بكات، ئێمە لەگەڵ یەكیتی هیچ كێشەمان نییە و رێككەوتوین، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەنجوومەن، كە دەنگی لەسەر بدات و بەغدا پەسندی بكات ئەگەرنا كێشە نەماوە لەدانانی پارێزگارەكەدا".
وتووشیەتی " ئەگەر بڕواننە مێژوو پارتی هەمیشە پابەندی هەموو ئەو رێككەوتنانە بووە كە لەگەڵ لایەنەكان كردوویەتی، ئێستاش پابەندی ئەو رێككەوتنەیە كە لەگەڵ یەكیتی كردوویەتی، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە تەنها ئیشە ئیداریەكەیە، كە لای ئەنجوومەنی پارێزگایە بۆئەوەی دەستبكات بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بۆ رێككەوتن، ئەگەرنا ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ پەشیمان نەبووینەتەوە و بەردەوامین لە رێككەوتنەكان و لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكیتی كۆدەبینەوە بزانین لە هەر شوێنێك خەلەل هەبێت چارەسەری دەكەین، ئێمە بەوە رازی نابین سەرۆكی حكوومەت بەس لە دهۆك و هەولێر دەسەڵاتی هەبێت و جێگری سەرۆكی حكوومەتیش بەتەنها لە سلێمانی و هەڵەبجە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە