پەیامی کورد ... بەڕێوبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئەو هاووڵاتیانە ئاگاداردەكاتەوە، كە پێوەری كارەبایان نییە و بە نایاسایی كارەبایان راكێشاوە و قەرزارن، لەماوەیەكی دیاریكراودا مامەڵەكانیان تەواوبكەن بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن.
ئاگادارینامەكە، كە لە سێ خاڵ پێكهاتوە تێیدا هاتوە:
خاڵی یەكەم
ئاگاداری هاووڵاتیان دەكەینەوە، پێوەری كارەبایان بپشكنن و ئەگەر هەریەك لەم حاڵەتانەی خوارەوەی هەبوو سەردانی فەرمانگەی فرۆشتنی وزەی كارەبای سنورەكەیان بكەن بەمەبەستی لابردنی حاڵەتەكان لە ماوەی ١-١٢-٢٠١٩ تا ١-١-٢٠٢٠ كە دەبەخشرێن لە سزا و پێ بژاردن (غرامە) بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە هەڵمەتێكی فراوانی بڕینی سەرپێچیەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەستپێدەكات و هەر یەكێك لەو حاڵەتانە لە پێوەرەكانیان ببینرێت لەلایەن تیمەكانەوە كارەباكەی دەبڕێت و رێكاری یاسایی بەرانبەر وەردەگیرێت و سزای مادی توند دەدرێت.
حاڵەتەكان
1-پێوەری كارەبا دەستكاری كرابێت یاخود جامەكەی شكابێ یاخود مۆری سەرەوە و خـــوارەوەی پێوەر دەستكاری كرابێت.
2-بێ پێوەر كارەبا راكێشرابێت.
3- كارەبا لە ژێر پێوەر راكێشرابێت.
خاڵی دووەم
ئاگاداری ئەم هاووڵاتیانە دەكەینەوە كە هەر پێكهاتەیەكیان "خانوو، بیری ئـاو، كارگە... هتد" بەسەرپێچی " بێ مووڵەت " دروستكردوە و دەیانەوێت كارەبای نیشتمانی بۆ پێكهاتەكە رابكێشن، لە ماوەی نێوان ١-١٢-٢٠١٩ تا ١-١-٢٠٢٠ سەردانی هۆبەی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سنورەكەیان بكەن بەمەبەستی ئەنجامدانی رێكارە پێویستەكان، بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوە دیاریكراوە، بە هیچ شێوەیەك كارەبا نادرێت بەو جۆرە پێكهاتانە، كە بە سەرپێچی دروستكراون.
خاڵی سێیەم
ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا لە پۆلەكانی "كشتوكاڵی، بازرگانی، پیشەسازی" دەكەینەوە، كە قەرزاری كرێی كارەبان بەزووترین كات سەردانی فەرمانگەكانی فرۆشتنی وزەی كارەبا بكەن بەمەبەستی دانی قەرزەكانیان بەپێچەوانەوە لەلایەن تیمەكانی بڕینی كارەباوە، كە لەئێستادا هەڵمەتێكی فراوان دەستیپێكردوە كارەباكەیان دەبڕێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە