زێلینسکی: چۆک دانادەین و بەردەوام دەبین لە بەرگری

زێلینسکی: چۆک دانادەین و بەردەوام دەبین لە بەرگری

پەیامی کورد... زێلینسکی: چۆک دانادەین و بەردەوام دەبین لە بەرگری

سەرۆکی ئۆکراینا نوێترین پەیامی خۆی ئاراستەی هاووڵاتییان و جیهان کرد و ڕایگەیاند، کە چۆک دانادەن و بەردەوام دەبن لە بەرگری.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٢، ڤلادیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا داوای لە هاووڵاتییانی ئۆکراینی کرد کە بەردەوام بن لە بەرگری کردن.

وتیشی: "ئێمە گەلێکین کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پلانەکانی دوژمنمان تێکشکاند، ڕووسییەکان لێرە ئاشتی و خواردنیان دەستناکەوێت، یەک چرکە هێمنیش بەخۆیانەوە نابینن".

لە پەیامەکەیدا، زێلنیسکی باسی لە کۆنترۆڵکردنی شارێکی ئۆکراینا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە وەک خیرسۆن نەکرد، بەڵام وتی: "ئەگەر ڕووسییەکان بچنە هەر شوێنێک ئەوا بۆ کاتی دەبێت و دەریان دەکەین".

سەرۆکی ئۆکراینا وتیشی: "شەڕەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی سەربازە ڕووسییەکان کردووە، وەک چۆن دەبینین دەرگای مارکێتەکان دەشکێنن و هەوڵی پەیداکردنی خواردنێک دەدەن".

باسی لەوەشکرد: "ژمارەی کوژراوەکانی سوپای ڕووسیا گەیشتووەتە نۆ هەزار سەرباز، ئێمە نامانەوێت شەقامەکان بە تەرمی سەربازەکان دابپۆشرێن، بگەڕێنەوە وڵاتەکەتان".

ئەم وتانەی زێلینسکی لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوان شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ شاندی ڕووسی لە بێلاڕووس بەڕێوەدەچێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە