ئێران/ لە پێنج ساڵدا هاوسەرگیریی ١٣١هەزار کچی ژێر ١٥ ساڵ تۆمارکراوە

ئێران/ لە پێنج ساڵدا هاوسەرگیریی ١٣١هەزار کچی ژێر ١٥ ساڵ تۆمارکراوە

پەیامی کورد... ئێران/ لە پێنج ساڵدا هاوسەرگیریی ١٣١هەزار کچی ژێر ١٥ ساڵ تۆمارکراوە

ماڵپەڕی "تیجارەت‌نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی پێنج ساڵدا لە ئێران، هاوسەرگیریی ١٣١ هەزار و ٣٦٥ کچی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ تۆمارکراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە لە ناوەندی ئاماری ئێرانەوە وەرگیراوە، لە پێنج ساڵی، ڕێژەی تێکڕای ساڵانەی هاوسەرگیری بۆ کچانی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ لەو وڵاتەدا ٣٠ هەزار کەس و بۆ کوڕانی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ ٢٠ بۆ ٤٠ کەس بووە.

پێشتر ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندبوو، دوو ساڵ پێش زیاتر لە ٥٪ی کۆی ئەو هاوسەرگیرییانەی بە ڕەسمی تۆمارکراون تایبەت بووە بە منداڵانی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی نکۆڵی لە هەبوونی دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان دەکەن لە ئێران.

بەشێکی دیکەش لەو بەرپرسانە هاوسەرگیریی منداڵان بە سیاسەتێکی کارامە دەزانن بۆ پێشخستنی بەرنامەی گەنجیی ژمارەی دانیشتووان کە لەم دواییانەدا لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە کرا بە یاسا.

یاسای گەنجیی نفووس، مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ لە پەرلەمانی ئێران پەسندکرا و دواتر لەلایەن "ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور"ی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ماوەی حەوت ساڵ پشتڕاستکرایەوە.

ئەم بەرنامەیە یەکەم جار ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە پێشنیاز کرابوو بەمەبەستی هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووانی ئێران.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە