پەیامی کورد ... زێڕ جارێکی دیکە نرخی پێوانەیی تۆمار کرد
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و چین، نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا بەرزترین ئاستی تۆمارکرد، کە لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا نەگەیشتوەتە ئەو ئاستە.
بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ئەمڕۆ شەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لەبازاڕەکانی جیهاندا ٢٤.٥١ دۆلار بەرزبوەوە و نرخەکەی گەیشتە ١٩٠١.٦٠ دۆلار، واتە بە رێژەی ٧٧%ی بەهاکەی زیادیکردوە.
زیادبوونی ناکۆکییە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و چین، هەروەها بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە ئابووری جیهان کەوتوە، وایکردوە نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاست کە لەدوای ساڵی ٢٠١١ەوە تۆماریکردبێت، بەرزبێتەوە.
لە هەفتەی رابردووەوە تا ئێستا نرخی زێڕ بەرێژەی ٥% بەرزبوەتەوە، ئەوەش بە زۆرترین رێژەی بەرزبوونەوە هەژمار دەکرێت، کە لە دوای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تۆماریکردبێت.
ئابووریناسان لەوبارەیەوە دەڵێن "زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی گەشەسەندنی بازاڕە ئابوورییەکان وایکردوە، زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوورییەکان سەیربکرێت، ئەوەش هۆکاری زیادبوونی خواستە لەسەر ئەو کانزایە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە