ساڵی رابردوو هەشت هەزار و 500 کەس لە دەریای ناوەراستدا خنکاون
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە ساڵی 2023دا، تەنیا لە دەریای ناوەڕاستدا هەشت هەزار و 500 کەس لە رێگای کۆچ بە دەریای ناوەڕاستدا بەرە و ئەوروپا خنکاون و بێسەروشوێن بوون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێدەچێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت لەسەرانسەری جیهان، ئەویش بەهۆی نەبوونی زانیاریی ورد لە بارەی گیانلەدەستدانەکانەوە، جگە لەوەش زۆرجار دوو لەسەر سێی قوربانییەکان ناسنامەیان پێنییە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەساڵی 2014وە واتە لە یەک دەیەدا زیاتر لە 63 هەزار کەس لە رێگای کۆچ گیانیانلەدەستداوە، بەڵام ساڵی 2023 کارەساتبارترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران لە جیهاندا.
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، بۆ هەر حاڵەتێکی گیانلەدەستدان، خێزانێک رووبەڕووی کێشە و کاریگەریی دەروونی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و یاسایی دەبێتەوە.
روونیشیکردووەتەوە، لەهەر سێ کۆچبەر کە بە ناچاری وڵاتەکانی خۆیان جێهێشتووە و دواتر لە رێگای کۆچ گیانیانلەدەستداوە، تەنیا یەک کەسیان توانراوە ناسنامەکانیان بناسرێتەوە.
رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، لە 60%ـى حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کۆچبەران، پەیوەست بووە بە خنکان لە ئاودا.