بەپەلە ... ٣٩ پەرلەمانتار لە ترسی ئاشکرا بوونی گەندەڵییەکانیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی ووڵات
بەهۆی دەرنەچوونیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی 5، ژمارەیەك لە ئەندامانی خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، لەترسی ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانیان، بەرەو دەرەوەی ووڵات هەڵدێن، پەرلەمانتارێكیش ڕایدەگەینێت: ئەگەر تۆمەتەكانیان لەسەر بسەلمێنرێت، لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپۆل-ەوە ڕەوانەی عێراق دەكرێنەوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی ئەلعەهد، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، 39 پەرلەمانتار كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی 5 دەرنەچوون، ووڵاتیان جێهێشتووە.
بەگوێرەی ئەو كەناڵە، هۆكاری هەڵاتنی ئەو پەرلەمانتارانە، بە هۆی ترسیان لەئەگەری ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانیان و ڕادەستكردنیان بە دادگا، بەو پێیەی لە 30ی 6ی ئەمساڵ، بە كۆتایی هاتنی ئەم خولەی پەرلەمان، پارێزبەندییەكەیان نامێنێت و دوچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو 39 پەرلەمانتارە، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئەندامێتی پەرلەمانیان بۆ وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی بەكارهێناوە، بەڵام بەهۆی پارێزبەندییەوە، نەتوانراوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
عادل نوری، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە SNN ی ڕاگەیاند: ئاگاداری هەڵاتنی ئەو پەرلەمانتارانە نیم كە دۆسیەی گەندەڵییان لەسەرە.
وتیشی:" ئەگەر هەر پەرلەمانتارێك دۆسیەی لەسەربێت، دوای ئەوەی پارێزبەندی نەما، دادگا دەتوانێت لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپولەوە داوایان بكات و تەسلیم بكرێتەوە"