TR KU SO
FB X
Cîhan

حکوومەتی ئاڵمانیا ڕەزامەندی کردنەوە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی داوە لە هەرێمێکی خۆی لەو ووڵاتەدا

سارا
Yazar
📅 18 Temmuz 2020 15:02

پەیامی کورد    ...    حکوومەتی ئاڵمانیا ڕەزامەندی کردنەوە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی داوە لە هەرێمێکی خۆی لەو ووڵاتەدا

ئەندامێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی یەکیتی كۆمەڵایەتی مەسیحی لە ئەڵمانیا  CSUرایگەیاندووە ، وڵاتانی ئەورووپا بە گرنگی و گەشبینییەوە لە كوردستان دەڕوانن، چوونكە گەلی كورد ئاشتیخوازە. دەشڵێت: یەکیتی  ئەورووپا دەیەوێت پەیوەندییەكانی لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری وسەربازی و كەلتووری و ئایینی و هونەری و تەواوی بوارەكانی تر لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكات.

ئەندامی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی CSUی ئەڵمانی، عادل زاهیر، ڕایگەیاند: "لە ناوچەكەدا هەرێمی كوردستان پێگەیەكی تایبەتی هەیە، ئەڵمانیا بە تایبەت و ووڵاتانی ئەورووپا بە گشتی بە بایەخ و رێزێكی زۆرەوە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن و دەیانەوێت پەیوەندیی بەهێز لە نێوانیاندا هەبێت و زیاتر گرنگی بە هەرێمی كوردستان بدەن، چوونكە دەزانن كورد ئاشتیخوازن لە ناوچەكە و ستەمێكی زۆریان لێ كراوە‌‌‌."‌

عادل زاهیر، كە بە ڕەگەز كوردە و لەنێو حیزبی CSUی ئەڵمانی ئەو پۆستەی پێ دراوە، لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە‌ ووتی: "پێویستە كوردانی دانیشتووی‌ ئەڵمانیا و ئەورووپا بەیەكەوە لەسەر ئاستی ‌پەرلەمانی ئەورووپا لە شاری برۆكسل كار بكەین بۆ زیاتر ناساندنی پرسی كورد، خۆم لە پەرلەمانی یەکیتی ئەورووپا بە شێوەیەكی فراوان كارم كردووە و قسەم لەگەڵ زۆر پەرلەمانتار و كەسایەتیی سیاسی كردووە، كە خۆیان دەیانەوێت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام لەبەر هاتنی شەپۆلی ڤیرووسی كۆرۆنا پرۆسەكە دواكەوتووە، دوای ئەو بارودۆخەش هەوڵ دەدەین وەفدێكی حكوومەتی ئەڵمانیا و هەرێمی باڤاریا بێنین بۆ كوردستان بۆ ئەوەی بزانین چۆن و لە چ بوارێك دەتوانین هاوكاریی یەكتری بكەین."

ئەو ئەندامەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی CSUی ئەڵمانی دەشڵێت: "پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ لۆبییەكی بەهێز بكات بۆ پرسی كورد لەسەر ئاستی ئەورووپا، وەكو كوردێكیش ئامادەی هەموو كار و هەماهەنگییەك دەبین، هەر‌وەها كردنەوەی كەناڵێكی كوردی بە زمانی ئینگلیزی بە گرینگ دەزانم، بۆ ئەوەی زیاتر خەڵكی ئەورووپا ئاشنای هەرێمی كوردستان بن."

ناوبراو دەشڵێ: "وەكوو كوردێك هەوڵم داوە شتێكی باش بۆ گەلی كورد لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەورووپا ئەنجام بدەم، لە ماوەی داهاتووشدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵا هەوڵ دەدەین‌ بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان لە رووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و كەلتووری و ئایینی و هونەری و تەواوی بوارەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە كار بۆ وەرگرتنی كورسیی خوێندن بۆ قوتابیانی كورد و خوێندنیان لە ئەڵمانیا دەكەم و ئاسانكارییان بۆ دەكەین، بۆ ئەمساڵیش ڕەزامەندیمان لەسەر ژمارەیەك كورسی خوێندن وەرگرتووە، هەروەها حكوومەتی ئەڵمانیا ڕەزامەندی نیشان داوە بۆ ئەوەی لە هەرێمی باڤاریا نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، كە ئەمەش گرینگە".

حیزبی یەكیتی كۆمەڵایەتی مەسیحی لە ئەڵمانیا  CSU، لەگەڵ حیزبی یەكیتی دیموكراتی مەسیحی لە ئەڵمانیا  CDU، دوو حیزبی سەرەكین و هاوپەیمانی یەكترن لە ووڵاتی ئەڵمانیا و بەیەكەوە لە پەرلەمانی ئەو ووڵاتە زۆرینەن، كە پێكەوە حكوومەتیان پێك هێناوە.

Paylas: