هەشت لە بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانیە گیانیان لەدەستدا
پەیامی کورد... هەشت لە بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانیە گیانیان لەدەستدا
هەشت کەس لەوانەی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی ئاهەنگەکەی قەزای حەمدانیەدا برینداربوون، دوێنێ گیانیان لەدەستدا و ئەمڕۆ بە خاک دەسپێردرێن.
ئەو بریندارانە دوێنێ لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە بەمەش کۆی ئەوانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا گەیشتە 113 کەس.
یەکێک لەو هەشت کەسەی دوێنێ گیانیان لەدەستداوە باوکی "حەنین ریاز"ـە کە بووکەکە بووە، هەریەکە لە دایک، باوک و برایەکی بووکەکە بەهۆی ئەو رووداوەوە گیانیان لەدەستداوە.
شەوی 26ی ئەیلول، لەکاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی هاوسەرگیری بووک و زاوایەک لە قەزای حەمدانیە، ئاگر لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا کەوتەوە و تا ئێستا 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەس بریندارن و 38 تەرمیش نەناسراونەتەوە و تەندروستیی حەمدانیە رایگەیاند، پشکنینی DNA دەکەن بۆ ناسینەوەی تەرمەکان.
رۆژی یەکشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە رووداوەکە بڵاوکردەوە، بەپێی ئەنجامەکان، هۆکاری رووداوەکە یاری ئاگرین بووە، هەروەها بەکارهێنانی کەرەستەیەک لەو باڵەخانەکەدا کە زۆر بە خێرایی گڕدەگرێت.