پلاسخارت هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی سیاسیی عێراق دەدات
پەیامی کورد... پلاسخارت هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی سیاسیی عێراق دەدات
بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ کەسایەتی و بەرپرسانی سیاسی عێراق.
سەرچاوەیەک بە بەغدا ئەلیەومی ڕاگەیاند، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جێنین پلاسخارت زنجیرەیەک پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرساندا ئەنجامداوە بە ڕەوتی سەدریشەوە. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەی لە دوێنێوە عێراق پێیدا تێ دەپەڕێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە پلاسخارت لە پەیوەندییەکانیدا هەوڵی داوە ڕووبەڕووبوونەوە خوێناوییەکانی ناوچەی سەوز بوەستێنێت و ئاگربەستێک پێک بهێنێت. بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەوانەیە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا کرانەوەیەک لە دۆخە ئاڵۆزەکەدا ڕووبدات. ئەمەش دوای ئەوەی ئاڵۆزی و پێکدادانەکان گواسترایەوە بۆ شارەکانی تر.
دوای ئەوەی دوێنێ ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەستی لە کار کێشایەوە، پشێوی و شەڕ و پێکدادان لە سەرانسەری زۆرینەی ناوچەکانی باشووری عێراق ڕوویدا. تا ئێستا لانی کەم ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.