ئەڵمانیا: 188 ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی ئەڵمان لە سووریان
پەیامی کورد ... ئەڵمانیا بۆ جاری یەکەم ژمارەی ژن و منداڵانی چەکدارانی ئەڵمانی نێو داعش رادەگەیێنێت و وەزارەتی دەرەوەش لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی گەڕانەوەیان دەکاتوەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە یەکەم راگەیێندراودا دەربارەی ژمارەی هاوژین و منداڵەکانی چەکدارانی هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانیا ئاشکرا دەکات کە "ئێستا 68 ژن و 120 منداڵی چەکدارانی ئەڵمانی نێو داعش" لە کامپەکانی سووریا هەن.
حکومەتی ئەڵمانیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە بە رێککەوتن لەگەڵ هاوبەشەکانیان لێکۆڵینەوە بۆ ئەگەرەکانی گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانە دەکات کە زۆرینەیان لە کەمپی هۆلی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوای کوردستاندان.
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: بۆ هەر کەیسێک لێکۆڵینەوە ئەنجامدەدرێت بەتایبەتی لە رووی مرۆییەوە هاوکاری منداڵەکان بکرێت کە لە بارودۆخێکی خراپدان، بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ئەڵمانیا.
بەپێی هەواڵەکان میدیای ئەڵمانیا زیاتر لە 40 چەکداری ئەڵمانی نێو داعش بە دیل گیراون و لە گرتووخانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات راگیراون.
دادگایەکی بەرلین لە مانگی تەممووزی رابردووی ئەم ساڵ بڕیاریدا کە ئەرکی حکومەتی ئەڵمانیا کەسوکاری چەکدارانی ئەڵمانی نێو داعش لە سووریا بگەڕێنێتەوە ئەڵمانیا.
لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا کەسێک بە ناوی فابیان، کە لە 2014 لەگەڵ برایەکی لە ئەڵمانیاوە رۆیشتبووە نێو داعش لە سووریا و لە وێ بە دیل گیرابوو، سکاڵای لە سەر حکومەتی ئەڵمانیا تۆمارکردبوو، بەهۆی ئەوەی هاوکاری ئەو ناکەن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی.
لە بەرامبەردا، پەرلەمانی فیدرالی ئەڵمانیا یاسایەکی نوێی پەسند کرد، کە لە داهاتوودا هەر کەسێک پەیوەندی بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" بکات وڵاتینامەی لێدەسەندرێتەوە.