"مێتا" ئەکاونتەکانی خامنەیی لە "فەیسبووک" و "ئینستاگرام" دەسڕێتەوە
پەیامی کورد... "مێتا" ئەکاونتەکانی خامنەیی لە "فەیسبووک" و "ئینستاگرام" دەسڕێتەوە
کۆمپانیای "مێتا" دوێنێ هەینی، سڕینەوەی ئەو هەژمارانەی پشتڕاستکردەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە ئەپڵیکەیشنی "فەیسبووک" و "ئینستاگرام"دا.
مێتا رایگەیاند "ئەم بڕیارەی داوە بەهۆی پێشێلکردنی دووبارەی ئەکاونتەکانەوە بۆ سیاسەتەکەمان سەبارەت بەو ڕێکخراو و کەسانەی کە مەترسییان لەسەرە"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا لەمبارەیەوە روونكردنەوەی نەبووە.
ئەو سەرکردەیە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا، ئەو کاتە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی تاران زیادی كردبوو.