ڕۆژانە دوو کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە
پەیامی کورد... ڕۆژانە دوو کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە
ئامارێکی «مەترسیدار» ی خۆکوژی لە عێراق بڵاو کرایەوە و لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە دوو کەس خۆیان کوشتووە.
پۆلیسی کۆمەڵگەیی عێراق ئاشکرای کرد، ڕۆژانە دوو حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار دەکرێن و ماوەی چوار مانگە ئەو دیاردەیە تەشەنەی سەندووە و زیاتر لە ٢٠٠ ڕووداوی خۆکوشتن لەو ماوەیەدا هەبوون.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئامارەکەدا، پۆلیسی کۆمەڵگەیی عێراق ئەو توێژە تەمەنییەی ئاشکراکردووە کە زۆرترین حاڵەتەکانی خۆکوشتنی بە خۆ یەوە بینیوە و دەڵێت، «ئەوانەی خۆکوژی دەکەن لە تەمەنی جیاوازدان، بەڵام زۆرینەیان تازەلاوان (هەرزەکاران) ن».
لەبارەی هۆکار و پاڵنەرەکانی خۆکوژییەوە ئەو دامەزراوەیەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، خراپیی باری ئابووری، بێکاری، ئالوودەبوونی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژیی خێزانی دیارترین هۆکارەکانی پشت بڵاوبوونەوەی دیاردەکەن.
بەشێک لەو کچ و ژنانەی هەواڵی خۆکوشتنیان بڵاوکراوەتەوە، دوای توێکاریی تەرمەکانیان دەرکەوتووە بە پاساوی «شەرەف» کوژراون و خۆکوژییان نەکردووە، وەک پۆلیسی کۆمەڵگەیی عێراق ئاشکرای کردووە.