وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین كوژرانی زیاتر لە 160 كەس و برینداربوونی نزیكەی هەزاری دیكەی راگەیاند
پەیامی کوررد... وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین كوژرانی زیاتر لە 160 كەس و برینداربوونی نزیكەی هەزاری دیكەی راگەیاند
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەكوو ئێستا، 161 كەس بەهۆی بارودۆخی كەرتی غەزەوە گیانیان لەدەست داوە و 931 كەسیش بریندار بوون.
بە گوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی (Sky News عربیة)، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ئەمڕۆ شەممە، كوژرانی 161 كەس و برینداربوونی 931ی دیكەی بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر كەرتی غەزە راگەیاندووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل جەختی كردۆتەوە، لە كاردانەوەكانیان بەرامبەر بە هێرشەكەی بەیانیی ئەمڕۆی حەماس بۆ سەر كەرتی غەزە، هێرشە توندەكانی ئیسڕائیل بەردەوام دەبن و كاتژمێرەكانی داهاتووشی بە ”كاتژمێری قورس“ وەسف كردووە. هەروەك ڕوونی كردۆتەوە كە دەیان فڕۆكەی جەنگیی ئیسڕائیلی، هێرشیان كردۆتە سەر 17 مۆڵگەی سەربازی و چوار بارەگای ئۆپەراسیۆنی سەر بە حەماس، بەڵام كەناڵی 12ی ئیسڕائیلی باس لەوە دەكات كە 21 ئامانجی حەماس هێرشیان كراوەتە سەر. لە كاتێكدا میدیاكانی نزیك لە حەماس و میدیاكانی فەڵەستین باس لەوە دەكەن كە هێرشەكان هەڕەمەكین.
هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر كەرتی غەزە لە دوای ئەوە هات كە بەیانیی ئەمڕۆ، بزووتنەوەی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەك و دزەكردنی چەكدارەكانی بە شێوەی جۆراوجۆر، هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر كەرتی غەزە و تاوەكوو ئێستاش دەیان هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی ئیسڕائیلی كوژراون و بریندار بوون و پێكدادانێكی قورسیش لە چەند ناوچەیەك هەیە.