کاروانێکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرایە ئامانج
پەیامی کورد... کاروانێکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرایە ئامانج
تەقینەوەیەک کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستیکی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لە پارێزگای دیوانییە باشووری عێراق، کردە ئامانج.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی دیوانییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵی ڕایگەیاند: بۆمبێکی چێنراو لەسەر ڕێگای خێرای دیوانییە، بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا، تەقیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەیش دا کە تەقینەوەکە زیانی بە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەم دواییانە ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق زیادی کردووە، ئەوەیش دوای ئەوەی پێشتر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە هێزە بیانییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج.
ئەو گرووپانە هەروەها ڕایانگەیاندبوو کە گومانیان لە ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق هەیە.
لە نۆی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق کە شەڕکردن بوو، کۆتایی هاتووە و گۆڕاوە بۆ ڕاوێژکاریی.